عێراق

"داخستنی کەمپی ئاوارەکان کاریگەری لەسەر دیموگرافیای هەرێمی کوردستان دروست دەکات"

بە پێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق ماوەی شەش مانگ دیاری کراوە بۆ ئەوەی کۆی کەمپی ئاوارەکانی عێراق دابخرێت و جەختکردنەوەش لەو بڕیارە نیگەرانی دروست کردووە.

Heman Hussein Yaseen  | 18.01.2023 - نوێکردنەوە : 19.01.2023
"داخستنی کەمپی ئاوارەکان کاریگەری لەسەر دیموگرافیای هەرێمی کوردستان دروست دەکات"

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

رۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە ماوەی شەش مانگیان دیاریی کردووە بۆ کۆتاییھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق و داوایشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە دەست لەو دۆسیەیە وەرنەدەن، ھەرچەندە بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، حوسێن کەلاری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ھیچ نووسراوێکی فەرمییان لەمبارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بە بڕوای پسپۆڕێکی جوگرافیای پەرەپێدان، لە ئەگەری داخستنی کەمپی ئاوارەکان، ئەوا ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی دیکە دەبێتەوە.

سەرۆکی بەشی جوگرافیا لە کۆلیژی ئاداب زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆرە نادیە تەڵعەت لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا تیشک دەخاتە سەر ئەگەری داخستنی کەمپەکان و ھاتنی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەکان بۆ ناو شارەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان لە رووی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی، ئابووریی و گۆڕینی پێکھاتەی دیموگرافی.

دکتۆرە نادیە تەڵعەت سەرەتا باسی لە ئەگەری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان کرد و دەڵێت: "کاتێک باسی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەین، دەبێت سەرەتا بزانین کە ئەوان دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان یان نا، چونکە گەڕانەوەی ئاوارەکان ئارەزوومەندانەیە و بەزۆرەملێ نییە، بۆیەش لەوە دڵنیاین کە ئەوان بەھۆی دۆخی ئابووری و ناسەقامگیرییەوە نایانەوێت بگەڕێنەوە، ھەروەھا زۆربەی ئەوانەی ئاوارەن لە ھەرێمی کوردستان، ئەوا کار دەکەن و داھاتی رۆژانەیان ھەیە، رەنگە ئەو کەسە لە شوێنی خۆی ئەو ھەلی کارکردنەی نەبێت".

لە درێژەی قسەکانیدا، دکتۆرە نادیە کاریگەرییەکانی داخستنی کەمپەکان پۆڵێن دەکات بۆ بوارەکانی؛ کۆمەڵایەتی، ئابووری و گۆڕینی پێکھاتەی دیموگرافیای ھەرێمی کوردستان و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئاوارەکان ھاوبەش و سوودمەندن لە ھەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی ھەرێم و گوتی: "دەبێت ئەوە بزانین کە ئەو ئاوارانە لە شوێن و ژینگەیەکی دیکە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان. لە ھەمانکاتدا خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش ھەڵسوکەوت و رەفتار و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێکدادانێک روودەدات، یەکێک لەو نموونانە دیاردەی نێرگەلەکێشانە کە تا ھاتنی ئاوارەکان بۆ ھەرێمی کوردستان بوونی نەبوو، ھەروەھا لە رووی زمانیشەوە کاریگەری خراپیان دەبێت، چونکە جیاوازییەکی زۆرمان ھەیە و زۆرجار کارەکانیان دەبێتە ھۆی شێواندنی زمانمان، بۆ نموونە ئەو شوێنەی ئەوان کاری تیادا دەکەن، بە دیاریکراوی با چێشتخانەکان بە نموونە بھێنینەوە ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو چێشتخانانەی کە خاوەنەکانیان عەرەبە، ناونیشانی شوێنەکە و ھەندێکجار لیستی خواردنەکانیش بە زمانی کوردی و بە فۆنتی عەرەبی دەنووسرێت کە ئەمەش بەشێکە لە شێواندنی زمانی کوردی".

لەدوای پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی شارەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق، روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، بەگشتی ٩٣٠ ھەزار و ٨٨٨ ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەو ژمارەیەش ٦٦٥ ھەزار و ٢٠٤ ئاوارەن کە بەڕێژەی سەدا ٣٠ لەناو کەمپەکانن و بەڕێژەی سەدا ٧٠ش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین و سوودمەندن لە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

بەگوتەی دکتۆرە نادیە تەڵعەت، بوونی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری ھەیە بەجۆرێک دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و لەمبارەیەوە دەڵێت: "بەپێی ئامارەکان سەدا ٣٠ ئاوارەکان لە کەمپەکان نیشتەجێن و سەدا ٧٠یان لەناو شارەکان، کەواتا ئەو رێژەیەی کە ناو شارەکان نیشتەجێن لەگەڵ ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان ھاوبەشە لە داھاتی ئابووری، بۆ نموونە بەشێک لەو کرێکارانەی کە ئاوارە و پەنابەرن لە ھەرێمی کورستان نیشتەجێن، دەبینین بە بڕە پارەیەکی کەمتر لە ھاووڵاتییانی ناوخۆ کار دەکەن بە جۆرێک ئەگەر کرێکاری ناوخۆ بۆ ئەنجامدانی کارێک داوای ٣٠ ھەزار دینار بکات، ئەوا کرێکارێکی ئاوارە داوای ١٠ ھەزار دینار دەکات بۆ ئەنجامدانی ھەمان کار، بێگومان لەم حاڵەتەدا کار بە ئاوارەکە دەکرێت و بەمەش رێژەی بێکاریی لەناوخۆدا بەرز دەبێتەوە، دەبێت ئەوەش بزانین کە بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژبە داعش و ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە دامەزراندن راگیراوە و ھەموو ئەو دەرچووی پەیمانگا و زانکۆیانەش لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی کاردان و بەبوونی رێژەیەکی زۆر لە کرێکارانی دەرەوەی ھەرێم، ئەوا کەمتر دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتییانی ناوخۆ دەڕەخسێت. لە ھەمانکاتدا دەبێتە ھۆی شڵەژانی دەروونی، چونکە گەنجێک سەیر دەکات کە لە خاکی خۆی بێکارە و بە ناچاری روو لە ھەندەران دەکات، ئەمە وا دەکات پەیکەربەندی دیموگرافیا لە ھەرێمی کوردستان تێکبچێت لە ھەمانکاتدا توانای مرۆیی لەدەست دەدەین".

سەرۆکی بەشی جوگرافیا لە کۆلیژی ئاداب زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆرە نادیە تەڵعەت دەشڵێت: "بابەتێکی دیکە ھەیە ئەویش ھەڵئاوسانی کرێی خانووە بەھۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لە ھەندێک حاڵەتدا بینیوومانە کە سێ خێزانی ئاوارە لە خانوویەکدا دەژین و کرێی زیاتر دەدەن بە خاوەن خانووەکە، کەواتا لێرەدا کێشەی نیشتەجێبوون و گرانی کرێی نیشتەجێبوون دروست دەبێت و ئەمەش لێکەوتەی دیکەی دەبێت بۆ نموونە؛ یەکێک لە ھۆکارەکانی کەمی ھاوسەرگیری لە ھەرێمی کوردستان بریتییە لە نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون کە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە، چونکە بۆ پێکھاتەی دیموگرافیا گرنگە کە منداڵ لەدایک ببێت".

ئەگەرچی ساڵی ٢٠١٤ ھەولێر وەک پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی ناسێنرا، بەڵام بەگوتەی ئەو پسپۆڕەی جوگرافیای پەرەپێدان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شارێکی گەشتیاری نیشاندانی سیمایەکی جوان و شارستانییانەیە، بەڵام بوونی ئەو ھەموو سواڵکەرە لەسەر شەقامەکان رەنگی ئەم تایبەتمەندییە گەشتیارییەی کاڵ کردووەتەوە و لەمبارەیەوە دکتۆرە نادیە گوتی: "ساڵانە رێژەی دەستگیرکردنی سواڵکەران روو لە زیادبووندایە و بەتایبەت زۆرجاریش منداڵ لەو پڕۆسەیەدا بەکاردێت، بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش ئەو سواڵکەرانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان نین، کەواتا بەشێک لەوانە ئاوارە و بەشێکیش پەنابەرە سووریاییەکانن، ئەمە بەرلە ھەموو شتێک کاریگەری لەسەر سێکتەری گەشتوگوزاری لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٤دا، فۆڕمێکی وامان نیشان دا کە ھەرێمی کوردستان دەبێتە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی، بوونی دیاردەی سواڵکردن لە شەقامەکان سیمای گەشتوگوزاری تێکداوە و ئەم دیاردەیەش لە ترافکلایتەکان بەڕوونی دەبیندرێت، جگە لەوەش ھەمان ئەو دیاردەیە کێشەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، چونکە منداڵێک لەبەیانییەوە تا نیوەشەو لە شەقامەکان و نێو ترافیکەکان خەریکی سواڵکردن بێت، ئەمە جگە لەوەی پێشێلکردنی مافی منداڵە، ھاوکات کاریگەری لەسەر پەروەردەی منداڵەکەش دەبێت و دواجار دەبێتە ھەڕەشە لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ئاژاوە کە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایش و سەقامگیرییەوە ھەیە".

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، دکتۆرە نادیە تەڵعەت تیشکی خستە سەر کاریگەریی ئاوارەکان لەسەر ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە بەکارھێنانی جۆرەھا ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن و ماتۆڕسیکل، لەمبارەیەوەش گوتی: "بەھۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و ھاتنی ئەو شەپۆلە ئاوارە و پەنابەرە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژینگەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە بەشێکی زۆر لەو ئاوارانە ماتۆڕسکیل بۆ کاروباری رۆژانەیان بەکاردەھێنن، ھەروەھا ھەندێکیشیان بەھۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە لە ئاوارەییدان ئەوا ئۆتۆمبێلەکانیان مۆدێلی کۆن بووە و ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە زۆربوونی رووداوەکانی ھاتوچۆ ھەیە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە ئۆتۆمبێلی مۆدیل کۆن و ماتۆڕسکیل بەھۆی دەرھاوێشتنی گازە ژەھراوییەکان، ئەوا ھۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگە و لە ھەرێمی کوردستانیش ئەمە بەڕوونی دەبینرێت".

بە گوتەی دکتۆرە نادیە تەڵعەت یەکێکی دیکە لە کاریگەرییەکانی بوونی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان، گۆڕینی پێکھاتەی پەیکەربەندی دیموگرافیا و ھەڕەمی دانیشتووانە لە رووی چەندایەتییەوە، وەک قەبارە، چڕی دانیشتووان، دابەشبوون و گەشەکردن و لەمبارەیەوە گوتی: "لەم رۆژانەدا راپۆڕتێکی رۆژنامەوانییم بینی کە لە کۆمەڵگای کانی قڕژاڵەی سەربە قەزای خەبات لە پارێزگای ھەولێر، ژمارەی دانیشتووانەکەی لەگەڵ ئاوارەکان ھاوسەنگ بوو لە رووی خێزانەوە، واتا ٧٥٠ خێزانی کورد و ٧٥٠ خێزانی عەرەب، بەڵام ئەگەر ورد ببینەوە دەبینین لەناو خێزانەکانی کورد ژمارە منداڵبوونیان لەنێوان ٢-٥ منداڵ خەمڵێنراوە، بەڵام لە خێزانە عەرەبەکان ژمارە منداڵبوونیان لە نێوان ٢-٨ خەمڵێنراوە کەواتا ژمارەی دانیشتووانی عەرەب لە شوێنە زیاترە لە کورد، بێگومان ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری ھەیە لەسەر گۆڕینی دیموگرافیا لەو ناوچەیە".

دکتۆرە نادیە تەڵعەت گۆڕانی ئاووھەوا بە ھۆکارێکی دیکە دەزانێت بۆ مانەوە و کۆچکردنی ئاوارەکان لە شارەکانی خوارووی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "لە ساڵی رابردوودا نۆ جار دیاردەی خۆڵبارین ھەبووە، کاتێک کە خۆڵبارین دەبێت زیاتر پێویستمان بە ئاو دەبێت، ئەمە وا دەکات زیاتر لێشاوی دیکەی کۆچکردن لە ناوەڕاست و باشووری عێراق روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەو کاتە ھاوبەش دەبن لەسەر ئاو و خاک و ھەوای ھەرێم، ئەوان رێژەی منداڵبوونیان زیاترە و لەم حاڵەتەشدا، ھاوسەنگی دیموگرافیای کورد بەرامبەر بە عەرەب کەم دەبێت".

ئەو پسپۆڕەی جواگرافیای پەرەپێدان پێیوایە کە دەبێت ھاتنی ئاوارەکان بۆ ناو شار کۆنترۆڵ بکرێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە کاتێک پێویستە ئاوارەیەک یان پەنابەرێک بێتە ناو شار، مەرجە حکوومەت پێویستی بە پسپۆڕییەکەی یان شارەزاییەکەی ھەبێت، بە پێچەوانەوە دەبێت لەناو کەمپەکان نیشتەجێ بن و حکوومەتی عێراقیش بەرپرسیاریەتییان ھەڵبگرێت، چونکە بەھۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە خەرجییەکی زۆر کەوتووەتە سەر ھەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە دکتۆرە نادیە تەڵعەت گوتی: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی ھاتنی ئاوارەکان بکات بۆ ناو شار، چونکە ئاوارەکان شوێنی خۆیان ناو کەمپەکانە، حکوومەت دەبێت بڕیار بدات کەی کەموکوڕی لە شوێنێک ھەبوو لەو کاتەدا پێویستی بە دەستی کار بوو لە بوارێکی تایبەت ئەوا بەپێی پسپۆڕییەکە رێگا بدات ئاوارەیەک بێتە ناو شار، چونکە لەو کاتەشدا ئەگەر ژن و پیاوێکی بڕوانامەدار لە کەمپەکانەوە ھاتنە ناو شار حەتمەن منداڵەکەیان نابێتە سواڵکەر، سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی پاراستنی مافی مرۆڤ و گیانی ھاوکاریی، بەڵام دواجار گۆڕینی دیموگرافیا کاریگەری نەرێنی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın