تەندروستی

دهۆک.. سەردانى وەزیرى تەندروستى هەرێم

وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان سەردانى نەخۆشخانەی گشتى گوڵانى لە ئاکرێ کرد و دواى کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە، ئێوارەى هەمان رۆژ سەردانى پارێزگاى دهۆکى کرد و لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستى کۆبوویەوە.

Azat Muhammet  | 23.04.2017 - نوێکردنەوە : 24.04.2017
دهۆک.. سەردانى وەزیرى تەندروستى هەرێم

Dahuk

دهۆک - AA

ڕۆژى یەکشەممە ١١ى نیسانی ٢٠١٧ سەنا حوسام تەمەن ٢ ساڵ و پێنج مانگ کە لە نەخۆشخانەى گوڵان لە قەزاى ئاکرێ بەهۆى هەڵەیەکى پزیشکییەوە دەستى بڕایەوە دواى تێپەڕبوونى ١١ رۆژ بەسەر هەڵە پزیشکیەکە و بڕینەوەى دەستى منداڵەکە، ئەمڕۆ یەک شەممە وەزیرى تەندروستى هەریمی کوردستان سەردانى شارۆچکەى ئاکرێى کرد، دواى کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گوڵان و کارمەندانى تەندروستى شارۆچکەکە و دەستنیشانکردنى کەموکوڕییەکان کەرتى تەندروستى لە ناوچەکە، لە ئێوارەى هەمان رۆژدا سەردانى پارێزگاى دهۆکى کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى دهۆک و سەندیکاى پزیشکانى دهۆک کۆبوویەوە.

وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان، د. رێکەوت حەمە رەشید بە یاوەرى بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى تەندروستى و بەڕێوەى گشتى پلان لە دیوانى وەزارەتى تەندروستى دواى کۆبوونەوەیەکى چەند کاتژمێرى لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى دهۆک لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى گوتى: "یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییە باشەکانمان بەڕیوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆکە، ئێمە لە زۆر شوێن بە نموونەى باش و خزمەتگوزارى باش ناومان بردووە، لە حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ زیاتر لە ٨٠٠ هەزار ئاوارە رووى لەم ناوچەیە کردووە توانیویانە بە ماندووبوونى خۆیان کارى باش و خزمەتگوزارى باش پێشکەش بکەن".

وەزیرى تەندروستى هەریمی کوردستان گوتیشى: "ئەرکى کەرتى تەندروستى دواى قەیرانى دارایی و شەڕى داعش نەک کەم بووە، بەڵکو زیاتر بووە، چونکە هەم لە کەمپەکان خزمەت دەکەن و هەمیش لە سەنگەرەکانى بەرگرى رۆڵى خۆیان دەگێڕن کە بە درێژایی هەزار و٥٠ کیلۆمەتر ئێمە سنوورمان هەبووە لەگەڵ داعشدا، بۆیە من لێرە دەستخۆشیم لە بەڕێوەبەران و پزیشکانى دهۆک و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان کرد".

د. ریکەوت حەمە رەشید ئاماژەى بەوەدا ئەو کێشانەى بەڕێوەبەری گشتى تەندروستی دهۆک بۆ ئێمەى خستەڕوو کێشەى واقعین و زۆربەى زۆریان پەیوەستن بە قەیرانى دارایی هەروەها پەیوەستە بەوەى ئێمە وەک وەزارەتى تەندروستى هەم بوودجەکەمان کەم کراوەتەوە هەمیش دامەزراندنمان نەماوە هەروەها کارمەندێکى زۆریشمان رۆیشتوون بۆ دەرەوە و مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە".

وەزیرى تەندروستى ئاماژە بە پلانى کۆنتڕۆڵکردنى کێشەکانى ئەم دواییەی سنووری پارێزگای دهۆک دەکات و دەڵێت: "بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک لێژنەیەکى باڵای رێک و پێکیان پێکهێناوە، بۆ ئەو لێژنەیە چەند داواکارییەکیان هەبووە یەکێک لەوانە نەبوونى پزیشکى نیشتەجێی خولاو(طبيب مقيم دورى) هەروەها نەبوونى پزیشکى بێهۆشکار کە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان وجیهان ئەم کێشەیە هەیە سێیەمیش یاساى پاراستنى پزیشکان و کارمەندانى تەندروستییە هەروەها باسیشمان لە پێداویستییەکانى ئامێرى پزیشکى و دەرمان کرد کە ئێمە وەک وەزارەتى تەندروستى ئەو هەموو داواکاریی و پێداویستییانە بە جددى وەردەگرین و لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران کارى لەسەر دەکەین".

وەزیرى تەندروستى حاڵەتێکى باوکى دەکاتە نموونەیەک بۆ ئەو هەڵە پزیشکییەى کە بووە هۆى بڕینەوەى دەستى سەنا و دەڵێت " هەڵەى پزیشکى مەرج نییە تەنها کەمتەرخەمى پزیشک بێت، زۆرجار هەڵەى پزیشکى بەهۆى جۆرى نەخۆشەکە دەبیت، باوکى خۆم نەخۆش کەوت ویستیان کانولەى بۆ ببەستن، بە پێنج پزیشک نەیاتوانى کانولەى بۆ ببەستن، زۆر جار نەشتەرى گەرى ئەنجام دەدەین بە ٢٠ خولەک بەڵام هەمان نەشتەرگەرى لە کەسێکى دیکە بە یەک کاتژمێر ئەنجام دەدەین واتا بەپێى سرووشتى کەسەکان دەگۆڕێن".

د.ریکەوت حەمە رەشید دەشڵێت "ئێمە لەسە خەتین تاوەکو بە هەموو شێوەیەک قەرەبووى ئەو خانەوادەیە بکەینەوە کە بەهۆى هەڵەى پزیشکى منداڵێکیان بەناوى سەنا دەستى بڕاوەتەوە، لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنى وەزیران و بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى دهۆک لە دەرەوە بێت یان لە ناوخۆ هەموو چارەسەرێکى بۆ دەکەین".

وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان، د. رێکەوت حەمە رەشید باسى لە راگەیاندکاران و دەزگاکانى راگەیاندن کرد و گوتى: "هێرشێکى ناڕەوامان کراوەتەوە سەر، کەرتى تەندروستى کەرتى خەڵکە، ٥٢ هەزار کەس لەم کەرتەدا کار دەکات و زیاتر لە ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بە ئاوارەکانیشەوە سوودمەندن لەم کەرتە، لەبەر ئەو هۆکارە من داوا لە کەناڵەکانى راگەیاندن دەکەم با پزیشکێکى هەبێت و پێش هەموو شتێک خەڵکى پڕۆفیشناڵ دابمەزرێنێنن بۆ ئەوەى بۆچوونى ئەو دکتۆرەى خۆیان وەربگرن تاوەکو هەڵە نەکەن و پێش نەکەون و دەبێت چاوەڕوانى راپۆرتەکانى پزیشکى داد بکەن، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەم پێش ئەوەى بڵێن ئەم هەڵەیە بووە با نەخۆشەکانیان بگوازنەوە بۆ پزیشکى داد بۆ لێکۆڵینەوە، ئەم هێرشانە وا دەکات خەڵک منمانەى بە کەرتى تەندروستى نەمێنێتێت، کە خەڵکیش متمانەى نەما، خۆ هەموو کەسێک ناتوانێت سەردانى کەرتى تایبەت بکات".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın