جيهان

تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی لەلایەن کۆریای باکوور

-گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە زەریای هێمن (PACOM)، رائید دەیڤ بێنهام ئاشکرایکرد کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی بالیستیی ئەنجامداوە.

Muhammet Ali Kemal  | 29.04.2017 - نوێکردنەوە : 30.04.2017
تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی لەلایەن کۆریای باکوور

واشنتۆن

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە زەریای هێمن (PACOM)، رائید دەیڤ بێنهام، ئاشکرایکرد کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی بالیستیی ئەنجامداوە.

لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن فەرماندەییەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە سەرلەبەیانی رۆژی شەممە بەکاتی ناوخۆی کۆریای باکوور، ئەو وڵاتە تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردووی مووشەکی بالیستیی ئەنجامداوە و بەر لەوەی مووشەکەکە سنوورەکانی کۆریای باکوور جێبهێڵێت، کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو مووشەکە ناوەند مەودایە کە ناوی KN-17ی لێنراوە، وا مەزەندە دەکرێت کە ٣٥ کیلۆمەتر لە باکووری فڕۆکەخانەی پوکچانگەوە کەوتبێتە خوارەوە.

دوای ماوەیەکی کەم لە تاقیکردنەوە شکستخواردووەکەی کۆریای باکوور، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، رایگەیاند ''کۆریای باکوور ئەمڕۆ لەرێگەی هەڵدانی مووشەکێکی شکستخوادووەوە، بێ رێزیی بە خواستی چین و سەرۆکی بەڕێزی ئەو وڵاتە کردووە''.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، رایگەیاند ''چین هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر کۆریای باکووردا کردووە ئەگەر پیۆنگ یانگ تاقیکردنەوەیەکی نوێی ئەتۆمیی ئەنجامبدات''.

رێکس تیلەرسن ئاماژەی بەوەشکردووە حکوومەتی پەکین لەوبارەیەوە دڵنیایی داوەتە واشنتۆن و جەختی لەوەکردەوە لەگەڵ چیندا لە هاریکاریی نزیک و چڕ وپڕدان سەبارەت بە کۆریای باکوور.

ئاماژە بەوە دەکرێت حکوومەتی پیۆنگ یانگ کە لە پایزی رابردوودا پێنجەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی ئەنجامدا، لە داهاتوویەکی نزیکدا پلانی ئەوەی هەیە کە تاقیکردنەوەیەکی نوێی ئەتۆمی ئەنجام بدات.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın