"زیانه‌كانی داعش 37 ملیار دۆلاره و پێنج هه‌زار پڕۆژه‌ش راوه‌ستاون"
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه پێنج هه‌زار پڕۆژه له عێراقدا راوه‌ستاون، هه‌روه‌ها ئه‌و زیانانه‌ی به‌هۆی داعشه‌وه له ژێرخان و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت گه‌یشتووه به 42 تریلیۆن دینار ده‌خه‌مڵێنێت،
هه‌ولێر
ئه‌لهنداوی ده‌ڵێت عێراق ده‌یه‌وێت پشت به‌كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، گه‌شتیاری ببه‌ستێت وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤی داهاته‌كانی نه‌وت.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، عه‌بدولزه‌هره ئه‌لهنداوی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژه بۆ كاریگه‌رییه‌كانی داعش له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه ده‌كات كه كۆنتڕۆڵی كردبوون و ئه‌و زیانانه‌شی به‌و هۆیه‌وه له ژێرخان و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌لهنداوی له‌وباره‌یه‌وه ئاشكرایكرد "ئه‌و بڕه پارانه‌ی پێشبینی ده‌كه‌ین بۆ دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه وێرانبووه‌كان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه عێراق پێویستی پێی هه‌بێت رێژه‌یه‌كی زۆر زۆره، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا تا ئه‌و زیانانه بخه‌مڵێندرێن كه به‌هۆی داعشه‌وه به‌ر عێراق كه‌وتوون، ئه‌و توێژینه‌وه‌یە ته‌نها زیانه‌كانی عێراقی گرته‌وه، ئه‌و زیانانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به ژێرخانه‌وه هه‌یه له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، له‌و توێژینه‌وه‌یە زیانه‌كانی ژێرخانی عێراق له‌دامه‌زراوه‌كانی به بڕی 42 تریلیۆن دینار خه‌مڵێندراوه كه ده‌كاته نزیكه‌ی 37 ملیار دۆلار، ئه‌مه جگه له‌و زیانانه‌ی به‌ر ماڵ و موڵكی هاووڵاتییان كه‌وتووه، له‌گه‌ڵ شتی دیكه".
عه‌بدولزه‌هره ئه‌لهنداوی گوتیشی: "له ئه‌نجامدا پێویستمان به پاره‌یه‌كی زۆر زۆره به‌هۆی بوونی رێژه‌یه‌كی زۆر له وێرانكاریی و كاولكاری به‌هۆی شه‌ڕه‌وه، له زۆر شوێن له‌و ناوچانه‌ی كه داعشییان تێدابووه رێژه‌ی وێرانكاریی ده‌گاته نزیكه‌ی 80 له‌سه‌د، بۆیه له‌م پێناوه‌شدا عێراق پێویستی به‌هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی و یارمه‌تی ئه‌وان هه‌یه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه، ئه‌گه‌ر نـا بۆخۆی ناتوانێت ئه‌و بڕه پارانه دابین بكات و ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی و كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئێمه ده‌زانیین كه ئاستی كاولكارییه‌كان زۆر زۆرن".
ئه‌لهنداوی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه له‌عێراقدا به‌هۆی ناسه‌قامگیری ئاسایشی و به‌تایبه‌ت قه‌یرانی داراییه‌وه راوه‌ستاون، له‌و رووه‌وه رایگه‌یاند "له‌راستیدا پێش ئه‌وه‌ی عێراق تووشی قه‌یرانی دارایی و ئاسایش ببێته‌وه له‌ساڵی 2014، نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار پڕۆژه‌مان له‌هه‌موو بواره‌كانی گه‌شه‌پێدان هه‌بوو و كاریان تێدا ده‌كرا، به‌ڵام دواتر هه‌ندێك له‌و پڕۆژانه لابران، ئێستا ده‌توانیین بڵێین نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پڕۆژه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه راوه‌ستاون".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، عه‌بدولزه‌هره ئه‌لهنداوی له‌و لێدوانه‌یدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو كه له په‌راوێزی ئاماده‌كاریی هات بۆ داڕشتنی پلانی پێنج ساڵه‌ی گه‌شه‌پێدان له عێراق 2018-2022 كه ئه‌مڕۆ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می له شاری هه‌ولێر ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد و بڕیاره سێ رۆژ بخایه‌نێت، سه‌باره‌ت به‌و پلانه‌ش ئه‌لهنداوی روونی كرده‌وه "ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان كه خۆیان له پرۆگرامی گه‌شه‌پێدانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌ورووپا، هه‌روه‌ها به هاریكاریی كه‌رتی تایبه‌ت هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌ست پێده‌كه‌ین بۆ داڕشتنی پلانی پێنج ساڵه‌ی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی بۆ ساڵانی 2018- 2022، ئه‌م پلانه له‌وانی دیكه‌ی پێشتری جیاوازه، چونكه له‌كاتێكدایه كه بارودۆخ زۆر ئاڵۆزتره له‌جاران، ئه‌م پلانه له‌كاتێكدا دێت ئێمه قسه له‌سه‌ر قه‌یرانی دارایی و كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه ده‌كه‌ین كه رزگاركراون، هه‌روه‌ها بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره، بێكارییه‌كی زۆر، بوونی رێژه‌یه‌كی به‌رزی هه‌ژاری، هاوكات زیادبوونی رێژه‌كانی هه‌ژاری ئه‌م هه‌موو كێشانه له‌نێو پلانه‌كه‌دا ده‌بن، ئه‌م پلانه پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری بكاته‌وه، ئه‌مه جگه له بوونی زۆرێك له پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان كه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه راوه‌ستاون و پێویسته ئه‌م پلانه باس له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه بكات".
عه‌بدولزه‌هره ئه‌لهنداوی گوتیشی "ئه‌م پلانه كار له‌سه‌ر هاوبه‌شی كردنی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات، كێشه‌مان ئه‌وه‌یه له پلانه‌كانی پێشوو كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵی پێویستی خۆی وه‌رنه‌گرت، ده‌بێت زیاتر گرنگی به كه‌رتی تایبه‌ت بده‌ین و رۆڵی پێشه‌نگی له گه‌شه‌پێدان پێ بده‌ین، له‌كۆتاییدا پلانه‌كه كار بۆ گونجاندنیش له‌گه‌ڵ پلانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌كرێت".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، عه‌بدولزه‌هره ئه‌لهنداوی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه پلانه‌كه چاوه‌ڕوانی ركابه‌رایه‌تی گه‌وره ده‌كات، له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند "ئه‌م پلانه روبه‌ڕووی ركابه‌رایه‌تی زۆر ده‌بێته‌وه، ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م پلانه‌ش ئه‌وه‌یه چۆن رووبه‌ڕووی ئه‌و ركابه‌رایه‌تییانه ببێته‌وه و به‌رده‌وامیی له گه‌شه‌پێدانی ئابووریی عێراق بهێنێته ئاراوه، چونكه ئێوه ده‌زانن به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و داعشه‌وه ئابووریی عێراق رووبه‌ڕووی كێشه له‌په‌یكه‌ره‌كه‌ی بوویه‌وه، رێژه‌كانی گه‌شه‌پێدان دابه‌زی، بۆیه ئه‌م پلانه ره‌چاوی ئه‌وه ده‌كات كه سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ بۆ نه‌وت بدۆزێته‌وه بۆ زیادكردن و فره‌یی كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات بدۆزرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش گرنگی بدرێت به كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، هه‌روه‌ها پشت به كه‌رتی گه‌شتیاری و كه‌رتی تایبه‌ت بدرێت، ئه‌مانه‌ش تاراِده‌یه‌كی زۆر ده‌بنه ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ كه‌رتی نه‌وت كه چه‌ندین ده‌یه‌یه عێراق له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌ژێت و به‌ته‌نها پشتی به نه‌وت به‌ستووه بۆ ده‌ستخستنی داهاته‌كانی".