ژيان

دهۆک.. دووەمین پێشانگاى لاوانى بەهرەمەند

ئەمڕۆ بە چاودێرى پارێزگارى دهۆک و سەرۆکایەتى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و ژمارەیەکى زۆر لە قوتابیان و لاوانى داهێنەر و بەهرەمەند دووەمین پێشانگاى داهێنانى لاوانى بەهرەمەند بەڕێوەچوو.

Azat Muhammet  | 24.04.2017 - نوێکردنەوە : 01.05.2017
دهۆک.. دووەمین پێشانگاى لاوانى بەهرەمەند

Dahuk

دهۆک-AA

ئەمڕۆ دووشەممە بە چاودێرى پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى بە هەماهەنگى لەگەڵ سەرۆکایەتى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک دووەمین پێشانگاى داهێنانى لاوانى بەهرەمەند بەڕێوەچوو کە چەندین قوتابى بە پڕۆژە و بەرهەمى جۆراوجۆر بەشدار بوون و پێشانگایەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و زۆرینەى پڕۆژەکانیش لەگەڵ رۆژگار و دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان بە گشتى و پارێزگاى دهۆک بە تایبەتى دەگونجان.

پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى دواى گەڕانێک بە ناو پێشانگاکە و بینینى پڕۆژەى لاوانى بەهرەمەند لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بۆ دەزگاکانى راگەیاندن گوتى: "پێشانگاى ئەمساڵ جیاواز بوو لەگەڵ ساڵى رابردوو، چونکە پڕۆژە و کارەکانى ئەم قوتابى و لاوانە زۆر جۆرى بوون و بەدواداچوونێکى باشیان کردووە بۆ بەرهەمهێنانى پڕۆژەکانیان، دەتوانین بڵێن ئەو بەهرەمەندانە بە پڕۆژەکانیان چارەسەریان بۆ بەشێک لە کێشەى گەورەى پارێزگاى دهۆک دۆزیوەتەوە و جێگەى دەستخۆشى لێکردنن و پاڵپشتى گەنجانى لەو جۆرەین".

گوتیشى: "ئەگەر خوا حەز بکات ساڵى داهاتوو لە سێیەمین پێشانگای لاوانى بەهرەمەند بە هاوکارى لەگەڵ زانکۆکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک کارێکى گەورەتر ئەنجام دەدەین و خاوەنى باشترین پڕۆژە کە لە رێگەى لێژنەى هەڵسەنگاندنەوە دەست نیشان دەکرێت خەڵاتێکى شایستەى پێبدرێت و تاوەکو ببێتە هاندان بۆ لاوان و قوتابیانى دیکەى بەهرەمەند".

ئەتروشى رۆلى گەنجان بە گرنگ دەزانێت لە پێشخستى وڵات و دەڵێت "وڵات بە داهێنان پێشکەوتوو دەبێت، بە تایبەتى گەنج مێشێکێکى بەهێزى هەیە لە بوارى داهێنان، بۆیە بە پێویستى دەزانم هەموومان پێکەوە پاڵپشتیان لێ بکەین وەک زانکۆ و وەک حکوومەت و تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومى و حزبى، تاوەکو هەموو شتێکى گەورە و بچووک لە دەرەوە بۆمان هاوردە نەکرێت، چونکە بە راستى هەندێک شت هەن لێرە دەتوانین بەرهەمى بهێنین بە مەرجێک هەندێک ماندوو بوون پێیەوە ببینین".

دەشڵێت "زۆربەى پڕۆژەکان سەرنجڕاکێش بوون، بەڵام ئەوەى گوزارشت لە کێشەى پەڕینەوەى منداڵان و قوتابیان دەکات لە کاتى پەڕێنەوەیان لەسەر شەقامە گشتییەکان زۆر گرنگ بوو بە هەمان شێوە پڕۆژەى پزیشکان و ئەندازیارانیش کارێکى پێویست سەرنجڕاکێش بوو، تەنانەت دوو لەو پڕۆژانە دەینە بوارى پەرەپێدان و لە ئایندەدا ئەگەر بزانین سەرکەوتوو دەبێت لەسەر ئاستى دهۆک و هەرێمى کوردستان پڕۆژەکە ئەنجام دەدەین".

دواى پیشاندانى پڕۆژەکانى پێشانگاکە ژمارەیەک قوتابى و لاوى بەهرەمەند لەلایەن ئیدارەى پارێزگاى و ئەندامانى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان خەڵات کران و هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنى زیاتریان بۆیان خواست.

یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان لە ٦٤ەمین ساڵى تەمەنى ئەمە دووەمین پێشانگاى لاوانى بەهرەمەندە لە پارێزگاى دهۆک نیمایش دەکرێت، لاوان بە بێ جیاوازى رەگەزى و ئایینى بە پڕۆژەکانیان بەشدارى پێشانگاکە دەکەن لە بوارەکانى کولتوورى، سیاسى، کۆمەڵایەتى، ئەندازیارى، سەربازى و چەندین بوارى دیکە.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın